ڕۆشنکردنەوەی کۆمەڵێک لە ئەنارشیستانی کوردیی-زمان لەبارەی ڕاگەیاندنی (فێدێراسیۆنی عەسری ئەنارشیزم)

Submitted by KAF on December 1, 2020

بۆ هاوڕێیانی ئەنارکیست لە هەر گۆشەیەکی جیهان هەن، سڵاوی خەباتکارانە

ماوەیەك لەمەوبەر ، ڕاگەیاندنێك لەلایەن سایتی (عصر آنارشیسم) بڵاوکرایەوە، کە لەنێو ئەو ڕاگەیاندنە پێکهاتنی (فدراسیون عصر آناراشیسم) ڕاگەیێندراوە. بەگوێرەی ناو و نێوەڕۆکی ئەو بانگەشەیە، پێویستە هەموو کەسێکی ئەنارکیست لە سەرتاسەری جیهان، بەبێ جیاوازیی ڕەگەز و شوێنی لە دایکبوون بەو فێدێراسیۆنە پەیوەست ببێت.

ئێمە وەك دەستەیەک ئەنارکیست و ئازادییخوازی کوردزیی-زمان لە عیراق و دەرەوە، هەردەم بە بیستنی هەوڵ و تێکۆشانە شۆڕشگەرانەکانی سەرتاسەری جیهان و بە سەرهەڵدان و هەموو بوونێکی دژە-دەوڵەت و دژە-سەرمایەداری دڵخۆش بوووین و خۆمان بە بەشێکی دانەبڕاو لە هەموو بزووتنەوە و چالاکییەکی دژە-سەروەریی و دژە-قووچکەیی و سیستەم و کۆمەڵی سەرمایەداریی لە دونیا دەبینین و دادەنێین. بەڵام لە ڕاستیدا، ئەو ڕاگەیاندنە بە ناوی (فدراسیون عصر آناراشیسم)، کە بڕیارە فێدێراسیۆنێکی جیهانی بێت، زیاتر جێگەی پرسیارە، تاکو وەڵام.

ئێمە لەنێو ئەم ڕۆشنکردنەوەی خۆمان بە هیچ جۆرێك بەتەما نین، لە بارەی ئەو ڕاگەیاندنە لێکۆلینەوەی وردەکارانە بکەین و تەواوی خاڵە ناکۆک و ناتەباکانی ڕاگەیاندنەکە دەستنیشانبکەین و لەسەر هەموویان قسەبکەین. لێرەدا ئێمە بەس چەند خاڵێکی سەرەکیی و فرە زاق دەستنیشاندەکەین:

هیچ بوونێكی شۆڕشگەرانەی خەباتی چینایەتی، پێش لە دایکبوونی بە کردەوە، بۆ بوونی خۆی بانگەشە ناکات، بەتایبەتی بوونێک، کە قەوارەی فێدێراسیۆنێکی جیهانیی بە خۆ ببەخشێت. بەداخەوە ئەو ڕاگەیاندنە بە هیچ جۆرێک بە پڕۆسێسی ئەو پێکهاتەیە ئاماژەنادات و لەبارەی هەموو ئەو پێکهاتانەی کە گوایە لەنێو پێکهاتنی ئەو فێدێراسیۆنە بەشدار هەن، هیچ زانیارییەكی کۆنکرێت نادات.

ئەوەی لەنێو ئەو ڕاگەیاندنە دەبیندرێت، هەبوونی چەند ئامادەکارییەکی (ڤێرژنێکی) پێشووترن، وەک پێشەکیی ئاگادارکردنەوە لە ڕاگەیاندنەکە، کە لە نیازی سەرەتایی و بە مەبەستی بەرهەمهێنانی دوا ڕاگەیاندن دەچن و ئەوە نیشاندەدەن، کە دەکرێت ئەو بڕیارە بڕیاری تاکە کەسێک، یان چەند کەسێک بێت.

ئەو ڕاگەیاندنە لەنێو هیچ بەشێکی، هەڵوێستی خۆی بەرامبەر ( فێدێراسیۆنی نێونەتەوەیی ئەنارکیستیIFA) دەرناخات کە لە ساڵی 1968 دامەزراوە و زۆربەی فێدێراسیۆنە ئەنارکیستەکانی جیهانی لەخۆگرتووە و تاکو ئێستا بوونی هەیە و بەردەوام چالاکە و پەرەدەسێنێت. بە دیتنی ئێمە ئەو ئاماژەنەدانە یان بە جیاوازیی و خۆجیاکردنەوە پەیوەستە، یان ئاگادارنەبوون لە بوونی (IFA)، یان بۆ ڕەتکردنەوە و نادیدەگرتنی (IFA) و فێدێراسیۆنە جیهانییەکانی دیکەی بزووتنەوەی ئەنارکیستیی دەگەڕێتەوە.

بڕیاردانی پێکهێنانی فێدێراسیۆنێکی جیهانیی، بە شێواز و میکانیزمێکی بیرۆکراتیی و دەستەگەریی و یەکلایەنانە، نیشانەی پەیڕەوکردنی بنەماکانی میلیتانتیی و ئیرادەچییەتییە، ڕێک بە پێچەوانەی پەیڕەوکردنی بنەماکانی ڕێبازی مێژوویی ئەنارکیزم، کە لەسەر بنەمای بایەخدانێکی بنەڕەتیی و سەرەکیی بە پرۆسێسی سەرهەڵدانی کردەیی و خۆبەخۆیی بوونە تێکۆشەرە چالاکەکانی نێو تێکۆشانی کۆمەڵایەتیی دامەزراوە، نەک لەسەر بنەمای حەز و مەرامی ئیدیۆلۆژیی. ئەو هەلوێستە زیاتر لەوێدا دەردەکەوێت، کە ئەو بانگەشەیە بە هیچ جۆریک بە بنەما دژە-مرۆیی و دژە-ژینگەییەکانی سەروەری چینایەتیی و پێکهاتەی قوچکەییانەی سیستەمی سەرمایەداری ئاماژەنادات و بە ئاماژەدانی کورت و ناڕۆشنی (لەنێوبردنی حکومەتە سەرمایەداریی و ئاینیییەکان!) کورتیدەکاتەوە؛ وەك ئەوەی پێداویستیی مرۆڤ بۆ ڕزگاربوون، شۆڕشێکی ڕامیاریی بێت، نەک شۆڕشیکۆمەڵایەتیی و هەمەلایەنە.

لەنێو ئامادەکاریی پێشووتری ئەو ڕاگەیاندنە بە بەرەنگاریی چەکداریی ئاماژەدراوە، بەڵام لەنێو بڵاوکراوەی، کە دوایین ئامادەکارییە، بەبێ خستنەڕووی هۆکاری لابردنەکە، ئەو خاڵە لابراوە. هەر ئاوا ڕۆشننەکردنەوەی مەبەستی ڕاگەیاندنەکە لە چەمکی "پاسیفیزم"، هەر بەو جۆرەی کە لەنێو ڕەوت و گرووپە میلیتانتەکان هەم بۆ (دژە-توندوتیژی) و هەم بۆ خۆگونجێنەر (ئاشتیخواز) بەکاردەبرێت، نیشانەی پەیڕەکردنی ئیدیۆلۆژی توندڕەوییە، نەک تێگەشتنێکی چینایەتیی فراوان لەبارەی بنەماکان و پێداویستییەکانی شۆڕشی ڕزگاری چەوساوەکان. هەر ئاوا ئەو پرسیارە قوتدەکاتەوە؛ بە چ پێوەرێک ئەنارکیستانی دژە-توندوتیژی لەلایەن نووسەرانی ئەو ڕاگەیاندنە بە ئاشتیخواز "پاسیفیست" ناودەبرێن؟

پێویستە ئەوەش بڵێین، ئەوان لەنێو ڕاگەیاندنەکە بە پێداگرتن لەسەر بزاڤی چەکداریی و ڕاپەڕینی چەکدارانە، خۆیان بە پەیڕەوکەری پراکتیکی (بزووتنەوەی ماخنۆڤیستی) دەناسێنن. ئەوەش بۆ خۆی تێنەگەییشتنە لە خودی (بزووتنەوەی ماخنۆڤیستیی) وەک بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیی کرێکاران و جوتیاران و کۆمونە هەرەوەزییەکان و نەدیتنی هۆکاری هانابردنی ئەو بزووتنەوە بۆ خۆڕێکخستنی چەکداریی، کە وەڵامدانەوەی ناچارییانە بووە بەرانبەر هێرش و لەشکرکێشیی سوپای ئاڵمانیا و سوپای نەمسا و سوپای سپی و سوپای سوور و بەکرێگیراوانی ئەوان، نەک گۆڕینی بزووتنەوە و ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان بە سوپا و لەشکری سەربازیی و گرووپی میلیتانت.

لەنێو ڕاگەیاندنەکەی ئەوان خاڵێکی دیکەی زۆر ناتەبا و گشتگیرکەر هەیە، ئەویش سەرەتاتکێی بۆچوون و گیانی نێوەندگەرا و دیکتاتۆرانە و نەگەڕانەوەیە بۆ بۆچوون و دیتنی کەسانی دیکە، کە نووسەرانی ڕاگەیاندنەکە زۆر ڕاشکاوانە بە بەکاربردنی دەستەواژەی "ئەنارکیستانی حەوزەی جوگرافیای لوبنان، چیلی، ئیسپانیا، عیراق، هەرێمی کوردستان" بەناوی هەمووان قسەدەکەن و بڕیاردەدەن، کە لە ڕووی زمانەوانی بە واتای (گشت ئەنارشیستان)ی نیشتەجێی ئەو حەوزە جوگرافییانە دێت؛ لێرەدا هەموو ئەنارکیستانی ئەو "حەوزە جوگرافییانە"ی کە ناوی ئەوان ڕیزکراوە، لەتەک پرسیارێک ڕووبەڕوو دەبن؛ ئایا (هەموو ئەنارکیستانی) ئەو شوێنانە هاودەنگ و هاوبۆچوونی ئەو ڕاگەیاندن و فێدێراسیۆنە هەن؟

ئێمە وەڵامی ئەو پرسیارە بۆ هاوڕێیانی ئەو شوێنانە خۆیان بەجێدەهێڵین. تاکو ئەوێ، کە بە "حەوزەی عیراق و هەرێمی کوردستان" پەیوەست دەبێت، پاش بەدواداچوون و دڵنیابوونی ئێمە، هیچ کەسێک نییە، کە بە کردەوە لەنێو ئەو دوو حەوزە چالاک بێت و بوونێکی کۆمەڵایەتیی هەبێت و لەتەک ئەو ڕاگەیاندنە بێت؛ هەر ئاوا ئێمە وەک ئازادیخوازان و ئەنارشیستانی کوردیی-زمان چ لەنێو (فۆرومی ئەنارکیستانی کوردیی-زمان)، چ لەنێو فۆرومی خۆجێی (فۆڕومی ئەنارکیستان لە سلێمانی) بە هیچ شێوەیەک لەتەک ڕێکخستنی نێوەندگەرا و قووچکەیی و ڕامیاریی و چەکدارانە و ئاڤانگارد نین، چونکە ئێمە بڕوامان بە خۆڕێکخستنی کۆمەڵایەتیی و تێکۆشانی کۆمەڵایەتیی و شۆڕشی کۆمەڵایەتیی و خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتیی هەیە.

لەبەر ئەو هۆیانەی کە لە سەرەوە ئاماژەدراون، ئێمە وەك کۆمەڵێک لە ئەنارکیست و ئازادیخوازانی کوردیی-زمان، چ لە "حەوزەی جوگرافیای عیراق و هەرێمی کوردستان"، چ لە هەندەران، لەو ڕاگەیاندنە پشتیوانی ناکەین و ئاگاداری هەوڵەکانی درووستکردن و ڕاگەیاندنی ئەو فێدێراسیۆنە نین. هەر ئاوا بەبێ ئاماژەدان و باسکردنی وردەکاریی کۆی جیاوازییە سەرەکییەکانی ئێمە لەتەک ئەوان، ئەو جۆرە هەوڵانە بۆ ئێمە هەوڵێکی دەستەبژێرانەن و پێچەوانەی بنەماکانی مێژوو و تێڕوانینی بزووتنەوەی ئەنارکیستیی تاکو ئێستا هەن و دەبن.

ئەنارکیستانی کوردیی-زمان لەنێو:
گفتوگۆی ئازادیخوازان (گفتوگۆی هەفتانەی ئینتەرنێتی)
https://www.facebook.com/groups/AZADIXUAZAN

فۆڕومی ئەنارکیستان لە سلێمانی (عیراق|هەرێمی کوردستان)
https://www.facebook.com/Sulaimanyah.Anarchist.Forum

فۆڕومی ئەنارکیستانی کوردیی-زمان
https://anarkistan.net

https://lists.riseup.net/www/d_read/azadixwazan

ڕێکەوت : ٢٨ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٠

--------------------------------------------------------------------
لینکی ڕاگەیاندنەکەی سایتی "عصر آنارشیسم"
https://www.facebook.com/InternationalOfAnarchistFederations/posts/1471425486401105